هاوبەشکردن:

شێرپەنجەی
شێرپەنجەی مەمک و نەشتەرگەرییەکانی

شێرپەنجەی مەمک و شێوەی چارەسەری

یەکێک لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە، شێرپەنجەی مەمکە کە لە ئەگەری ئەوەی کە لە سەرەتای دەسپێکەوە نەخۆش پێی بزانێت، بە شێوەی سەرکەوتووانە چارەسەری بۆ دەکرێت. شێرپەنجەی مەمک لە یەک خانەوە دەستپێدەکات. خانەکان کە بچووکترین بەشی پێکهێنەری جەستەی مرۆڤی زیندوون، لە چوارچێوەی یاساگەلی دیاریکراودا گەشە دەکەن، بەڵام خانە شێرپەنجەیەکان زۆر خێراتر لە خانە ساغەکانی دیکە گەشە دەکەن. ئەم گەشە کردنە تا شوێنێکە کە ئەو خانەگەلە دەبنە هۆی ئەوەی کە خانە تەندروستەکانیش وێران بن و لە ناو بچن، ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەم خانە شێرپەنجەییانە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن بەرگری لە گەشە کردنی خۆیان بکەن. ئەم دۆخە ڕەنگە هۆکاری بۆماوەیی هەبێت یان هۆکارگەلێکی دیکە لە سەر دروست بوونی ناڕێکی خانەکاندا کاریگەرییان هەبێت.

لە ئەگەری ئەوەی کە هێماکانی شێرپەنجەی مەمک لە بەرچاو نەگیرێن، ئەمە دەتوانێ مەترسیدار بێت و ببێتە هۆی ئەوەی کە نەخۆشی لە بەشێکی جەستەوە بەرەو بەشێکی دیکەی جەستە بڕوات. کە واتە دەبێت هەر کە هێمایەکی ئەم نەخۆشییە دەرکەوت گرینگی پێ بدرێت. لە هەر حەوت ژن یەک دانەیان لە درێژەی ژیانیدا تووشی ئەم نەخۆشییە دەبێت.

بە گشتی لە قۆناغی سەرەتاییدا بە هیچ شێوەیەک لوو لە ئاڵگی شێرپەنجەییدا خۆی پیشان نادات، بەڵام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەکرێت لە قۆناغی سەرەتاییدا شێرپەنجە بناسرێت. نزیکەی حەفتا لە سەدی لووەکانی سێنگ لە لایەن خودی ژنانەوە دەدۆزرێنەوە، کە واتە پشکنینی درووستی ئاڵگەکانی مەمک زۆر گرینگە. کاتی درووست و باش بۆ پشکنین و چاوپێکەوتن لە لایەن دکتۆرەوە ٥ تا ٧ ڕۆژ پاش سووڕی مانگانەیە.

 

هێماکانی شێرپەنجەی سێنگی ژنان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا:

گۆڕانی شێوازی نووکی مەمک.

ژانێک کە تا پاش سووڕی مانگانەی دیکە بەردەوام بێت و لە ناو نەڕوات.

لکێکی نوێ کە تا پاش سووڕی مانگانەی دواتر بەردەوام بێت و لە ناو نەڕوات.

دەردانی ڕوون، سوور، بۆر یان زەرد لە نووکی یەکێک لە مەمکەکانەوە، سوور بوونەوە، ئاوسیان، خوریانی پێست، هەستیاری پێست یان بلۆقێک کە هۆکاری نەبێت.

ئاوسیان یان لک لە دەوروبەری ئیسکی چەڵەمە یان ژێری باڵەکان.

لکی بتەو کە سووچێکی ناڕێکی هەبێت زۆر نزیکە لەوەی کە ئەمە لووی شێرپەنجەیی بێت.

 

هێماکانی شێرپەنجەی سێنگ لە قۆناغەکانی دواتردا:

بەرەو ناوەوە ڕۆیشتنی نووکی مەمک.

گەورە بوونی یەکێک لە مەمکەکان.

قووڵ بوونی ئاستی سێنگەکان.

گەورە بوونی لکێکی کۆن.

پێهاتەی پێست وەکوو پێستی پرتەقاڵی لێدێت.

کەم بوونەوەی کێش بە بێ هیچ هۆکارێک.

گەورە بوونی لیمفەگرێکانی ژێری باڵ.

دیتنی دەمار لە سەر سێنگ.

هەبوونی یەک یان چەندانە لەم هێماگەلە بە واتای ئەوە نییە کە ئێوە تووشی شێرپەنجەی سێنگ بوون. وەکوو وێنە دەردان لە نووکی مەمکەوە ڕەنگە بە هۆی چڵکی جەستە بێت. لە ئەگەری ئەوەی کە هەرکام لەم هێمایانەی سەرەوەتان چاوپێکەوت سەردانی پزیشک بکەن.

 

جۆرەکانی شێرپەنجەی مەمک:

شێرپەنجەی ناوەکی

لەم شێوە شێرپەنجەیەی مەمکدا، خانە شێرپەنجەییەکان تەنیا لە نێو سێنگدا گەشە دەکەن. لە ئەگەری ئەوەی کە بە گرتنی سێنگتان هەستتان کرد کە لکێک لە نێو مەمکتاندایە یان هەر شتێکی ئاوەمەنی جگە لە شێر لە سێنگتان چۆڕیا حەتمەن دەبێت سەردانی دکتۆر بکەن. هەشتا تا نەوەد لە سەدی ئەو کەسانەی کە تووشی شێرپەنجەی سێنگ دەبن، شێرپەنجەکەیان لەم جۆرەیە.

 

شێرپەنجەی لووبوولی

بە جەم بوونی شیری دایک لەم لووبوولانەدا کە دەبێتە هۆی دروست بوونی لکێکی بتەو و ئاوسیانی بە دواوەیە، گۆڕان لە ڕواڵەتی مەمکدا ڕوودەدات. ناسینەوە و دیاری کردنی ئەم جۆرە شێرپەنجەیە لە رێگای نموونەگرتن لە پێکهاتەی سێنگەوەیە.

 

شێرپەنجەی هەوکردنی

لەم جۆرە شێرپەنجەیەدا، مەمک هەو دەکات بە جۆرێک کە سوور دەبێتەوە و دەئاوسێت.

 

ناسینەوەی شێرپەنجەی مەمک

دەسپێکی شێرپەنجەی سێنگ لەگەڵ دەسپێکی جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە جیاوازە. ئەم نەخۆشییە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا هێماگەلێکی زۆری نییە کە واتە ناسین و دیاری کردنی سەرەتایی نەخۆشییەکە ئەستەم دەکات. بە هۆی ئەوەی کە ئەم نەخۆشییە تا قۆناغە پێشکەوتووەکان هیچ هێمایەکی نییە، دەبێت ژنان بەردەوام پشکنین بۆ مەمک ئەنجام بدەن. ئەم تاقیکردنەوەگەلە دەبێت هاوڕا لەگەڵ پشکنینی جەستەیی بێت. سۆنۆگرافی مەمک بۆ ژنانی ژێر چل ساڵ تەمەن و سۆنۆگرافی و مامۆگرافی بۆ ژنانی سەرووی چل ساڵ تەمەن پێویستە. لە تەمەنی ٤٠ تا ٥٠ ساڵەییدا پشکنین دوو ساڵ جارێک ئەنجام دەبێت، بەڵام بۆ سەرووی ٥٠ ساڵ تەمەن ساڵێ جارێک پێویستە کە ئەم کارە ئەنجام ببێت. هەروەها ئەنجامدانی شێوەی وێنەگرتن یان MR  بە شێوەی ناسینەوەیی لە پێکهاتەی سێنگی چڕ و بتەو، ناسینەوە و دیاری کردن ئاسانتر دەکاتەوە.

 

نموونە گرتن

بۆ ئەنجامی ئەم شێوەیە شانە یان شلەیەک لە سێنگ وەردەگرن. بۆ ئەوەی کە بزانن ئایا خانەی شێرپەنجەیی لە سێنگدا هەیە، ئە وشتەی کە وەریانگرتوە دەیخەنە ژێر وردبینێکەوە. پاشان ئەگەر شتێک بوو تاوتوێ دەکەن کە لە چی جۆرێکە.

 

باوترین شێوەکان بریتین لە:

ئاسپیراسیۆن یان دەرزی زەریف: ئەم شێوە بۆ ئەو لووگەلەیە کە دەستپێڕاگەیشتن پێیان ئاسانە یان ئەو کوومەیانەی کە ئەگەری ئەوە هەیە بە شتە ئاوەکییەکان پڕ ببن.

نموونە وەرگرتن یان دەرزی مێشکی: لەم شێوەیەدا بۆ هەڵگرتنی یەک تیکە شانە دەرزی چاویاری گەورەتر بە کار دێنن.

نەشتەرگەری کراوە یان ئاوەڵا: لەم شێوەدا بە یارمەتی نەشتەرگەری، هەمووی لووەکە لەگەڵ شانەی مەمکی هاوماڵدا لادەبرێت.

نموونە وەرگرتن لە لیمفەگرێ: نموونە گرتن بە دەرزی یان هەڵگرتنی بەشێک لە لیمفەگرێی ژێرباڵ، بە مەبەستی ئەوەی کە بزانن شێرپەنجە بڵاو بوەتەوە یان نە.

نموونە گرتن بە ڕێنوێنی وێنە: بە مەبەستی ڕێنوێنی کردنی دەرزی، نموونەگرتن بە وێنەگرتن ئەنجام دەبێت.

 

شێرپەنجەی مەمک چۆن چارەسەر دەبێت؟

بە پێی قۆناغی نەخۆشی، تایبەتمەندییەکانی نەخۆش و تەندروستی گشتی و هتد ڕەنگە شێوەکانی چارەسەری یەک یان چەن جۆر بن: نەشتەرگەری، ڕادیۆتراپی، هورمون دەرمانی، شیمی دەرمانی یان چارەسەری ئامانجدار.

چارەسەری شێرپەنجەی سێنگ دەتوانێت بە شێوەی چارەسەری ناوچەیی و گشتی ئەنجام بگرێت.

لە بەشی دەرمانی ناوچەیی دەتوانین نەشتەرگەری و ڕادیۆتراپی و لە بەشی دەرمانی گشتی دەتوانین ئاماژە بە هورمون دەرمانی، شیمی دەرمانی و دەرمانی بایۆلۆجیک بکەین. لە هەندێ حاڵەتدا بۆ دەرمان هەر دوو شێوەکە بە کار دەبەن. باوترین شێوەی چارەسەری، نەشتەرگەرییە کە تێیدا لووە شێرپەنجەییەکە یان تەواوی پێکهاتەی مەمک لادەبەن.

لە شێوەی پەرتەو دەرمانی( ڕادیۆ تراپی) بۆ لە ناو بردنی خانە شێرپەنجەییەکان لە تیشکی پڕهێز کەڵکوەردەگرن. ئەم شێوە پێش یان پاش نەشتەرگەری ئەنجام دەبێت. هەروەها کاتێک کە لوو گەورە بێت و بە نەشتەرگەری چارەسەری بۆ نەکرێت، بە شێوەی ڕادیۆ تراپی دەرمانی بۆ دەکرێت.

لە شێوەی شیمی دەرمانی، دەرمانی دژی شێرپەنجە بە کار دەبرێت کە بە گشتی بە شێوەی تێکەڵ چەن جۆر دەرمان بۆ نەخۆش دیاری دەبێت کە بیانخوات. ئەم دەرمانانە بە شێوەی وەشاندن یان خواردن بە کار دێن کە لە هەر دوو شێوەکەدا مادەی کیمیایی سەرەتا دەڕواتە نێو خوێن و پاشان لە رێگای خوێنەوە لە تەواوی جەستەدا بڵاو دەبێتەوە.

لە شێوەی هورمون دەرمانیدا لە دوو هورمونی ئێسترۆجێن و پرۆجێسترۆن کەڵکوەردەگرن و ئەم دوو هورمونە ناهێڵن کە خانە شێرپەنجەییەکان ئەو هورمونەی کە پێویستیانە وەریبگرن و بەم شێوە لە ناو دەڕۆن.

 

دەرمانی بایۆلۆجیک بۆ بەرخۆدان لە بەرانبەر لووە شێرپەنجەییەکاندا یارمەتی کۆئەندامی بەرگری جەستە دەدات. لەم شێوەیەدا مادەی هێرسپتین کە جۆرێک دژەتەنە و لە تاقیگادا درووست دەبێت لە وەرید دەوەشێت. ئەم شێوە یان بە تەنیایی یان لەگەڵ کیمی دەرمانی ئەنجام دەبێت.

 

جۆرەکانی نەشتەرگەری

ماستێکتۆمی سادە

لەم شێوەدا تەواوی پێکهاتە لادەبەن. لیمفەگرێ و ئاڵگی بچووک دەمێننەوە. ئەم شێوە کاتێک باشە کە شێرپەنجە، لیمفەگرێی نەگرتوێتەوە و یان بە مەبەستی کەم کردنەوەی مەترسی تووش بوون بە شێرپەنجە مەمک بە تەواوی لاببەن.

 

ماستێکتۆمی بنچینەیی گۆڕاو

لەم شێوەیەدا تەواوی پێکهاتەی مەمک لەگەڵ نیپل و لیمفەگرێی ژێری باڵدا لادەبرێت. ماسووڵکەی دیوارەی مەمک دەستی لێنادرێت. ئەم شێوە کاتێک باشە کە شێرپەنجە لە جۆری هێرشی بێت.

 

ماستێکتۆمی بنچینەیی

لەم شێوەیەدا تەواوی پێکهاتە و نیپل لەگەڵ لیمفەگرێی ژێری باڵ و ماسوولکەی دیوارەی سێنگدا لادەبرێن. ئەم شێوە تەنیا کاتێک باشە کە شێرپەنجە ماسوولکەی دیوارەی مەمکی گرتوێتەوە.

 

ماستێکتۆمی هاوڕا لەگەڵ پاراستنی پێست

لەم شێوەیەدا پێست و ئارئۆڵ و ئەو بەشە لە جەستە کە تووشی شێرپەنجە بووە لادەبرێت، بەڵام بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە، پێستە بێکەڵکەکە دەمێنێتەوە و دەستی لێنادرێت. لە ئەگەری ئەوەی کە خانە شێرپەنجەییەکان نزیکی پێستەکە بن ئەم شێوە بۆ چارەسەری دەنوێنرێت.

 

نەشتەرگەری نۆژەنکردنەوە

پاش نەشتەرگەری ماستێکتۆمی، لە ئەگەری ئەوەی کە نۆژەنکردنەوە بە جۆرێک بێت کە ڕواڵەتی سرووشتی دیسانەوە بۆ نەخۆش بگەڕێتەوە، نەشتەرگەری نۆژەنکردنەوە یان نۆژەنکردنی مەمکی پێ دەوترێت.

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *